نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: نیوەی دانیشووانی کامپی هۆل بوون بە ئەندامی “داعش”

قامشلۆ – نۆرس پرێس

لە راپۆرتی ساڵانەی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، کە نیوەی دانیشتووانی کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان بوون بە ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

لە ڕاپۆرتەکەدا کە لە دوو بەشدا، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە،  باس لە ژمارەی ئەو کەسانە کراوە کە نووسینگەکە بەشدار بووە لە گەڕانەوەیاندا، لە ماوەی ساڵی 2023دا، هەروەک باس لە بەشداریکردنیان لە لێپێچینەوە لە ئەندامانی بیانیی رێکخراوەکە کراوە لە دەرەوەی سووریا، ئەمە جگە لە نیگەرانییە ئەمنییەکان، سەبارەت بە ژمارەی دەستگیرکراوان و زیندانەکان کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نزیکەی لەسەدا 50ی دانیشتوانی کامپی هۆل تەمەنیان لە خوار 12 ساڵەوەیە، هۆشداریشی داوە ئەگەر رێوشوێن نەگیرێتەبەر، ئەوا بەئاسانی دەبنە ئەندامی داعش.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، منداڵان و خێزانی چەکدارانی داعش پێویستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی پاڵپشتی ژیان و پاڵپشتی پێشکەوتووی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە هەیە، ئەمەش بارگرانییەکە کە بەڕێوبەریی خۆسەریی لە رۆژئاڤا ناتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر دابینی بکات.

فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند، کە سەرکردایەتی لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ هاندان و ئاسانکاری و پشتیوانی لە گەڕانەوەی “چەکدارانی تیرۆریستی بیانی و ئەندامانی خێزانە پەیوەندیدارەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریاوە.”

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ساڵی 2023دا 14 وڵات زیاتر لە 3500 هاوڵاتییان گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکانیان، لە ساڵی 2022شدا “پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێنا لە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 3 هەزار کەس بۆ چەند وڵاتێک لەوانە ئەلبانیا، باربادۆس، کەنەدا، فەرەنسا، عێراق، کۆسۆڤۆ، کۆماری قیرغیزستان و هۆڵەندا،نەرویج، سودان، ئیسپانیا و سلۆڤاکیا”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە هاوبەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، “گەورەترین چڕبوونەوەی تیرۆریستانی دەستبەسەرکراو لە جیهاندا” بەڕێوەدەبات، کە نزیکەی ٩ هەزار دەستگیرکراوە لە زیندانەکانیاندا.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، “دۆخەکە جێگەی نیگەرانییەکی قوڵی ئاسایشی نیشتمانی و مرۆییە، دامەزراوەکان قەرەباڵغییەکی زۆریان هەیە، بەرەوڕووی توندوتیژی و نانوونوسکردن دەبنەوە لە لایەن داعشەوە و ئاسایشی پێویستیان نییە”.

تا ئێستا نووسینگەکە بەشداری کردووە لە پاڵپشتیکردنی زیاتر لە 270 دادگاییکردنی سەرکەوتوو، کە بووە هۆی سزادانی ئەندامانی بیانیی داعش.

فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و وەزارەتی داد، هاوکاری تەکنیکی پێشکەش بە لانیکەم حەوت وڵات دەکات کە زیاتر لە هەزار “تیرۆریستی سزادراو و زیندانیکراو و چەکداری تیرۆریستی بیانی” بەڕێوەدەبەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش