بۆ دووهەم جار لەمڕۆدا.. هێرش کرایەوە سەر بنکەی سەربازی “عەین ئەسەد”
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، دووەم جارە لە لایەن میلیشیا شیعەکانی عێراقەوە، کە خۆیان بە “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” دەناسێنن، هێرش بکرێتە سەر بنکەی “عەین ئەسەد” لە پارێزگای ئەنباری عێراق.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، گروپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەی “عەین ئەسەد”ی ئەمەریكی لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق راگەیاند.
ئەم ئێوارەیەش میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، کە دووبارە هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازی “عەین ئەسەد” لە رۆژئاوای ئەنبار.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیا عێراقییەکان بنکە سەربازییەکە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆردومانکراوە.
لەمبارەیەوە میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” رایگەیاند، “ئەم هێرشەیان وەک وەڵامێک بووە، بۆ ئەو تاوانانەی دوژمن دەیکەن دەرهەق بە خەڵکی غەززە”.
ئەمەش لە كاتێكدایە، کە یەکشەممەی رابردوو، “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” رایگەیاند، پێنج لە چەکدارەکانیان بەهۆی هێرشێكی ئەمریکاوە لە کەرکووک کوژراون.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەكردبوو بۆ بەرگریكردن لە خۆیان ئەو پێنج چەکدارەیان كردووەتە ئامانج، چونكە خۆیان بۆ هێرشێک بە “فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان” لە نزیک کەرکووک ئامادە دەکرد.