“هەسەدە” گیان لەدەستدانی یەکێک لە سەرکردەکانی لە گوندەواری دێرەزوور رادەگەیەنێت
ڕەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، یەکێک لە سەرکردەکانیان لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا گیانی لەدەستداوە، کە لە ڕیزەکانی پێشەوەی شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی (داعش) خەباتی كردووە لە ناوچەكە.
هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، فەرماندە ڕۆنی وڵات/شێروان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی “هەسەدە” و ئەندامی سەرکردایەتی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور، گیانی لەدەستداوە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی تیرۆریستانی داعش كە هەسەدە بە “ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆریستی ترسنۆکانە” وەسفی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتێکدا ئەو سەركردەیان كراوەتە ئامانج كە ئەرکە نیشتمانی و ئەخلاقیەکانی بەرامبەر بە گەل و وڵاتەکەی جێبەجێکردووە، ئەوەش خراوەتەڕوو، رۆنی وڵات لە گرێ سپی، ڕەققە، مەنبیج، تەبقە و دێرەزوور بەشداری شەڕەکانی دژی داعشی کردووە، هەروەها فەرماندەی شەڕی ڕزگارکردنی شاری هەجین بووە لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە “رۆنی” ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە ئاوەدانکردنەوەی دێرەزوور و دامەزراندنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان، بەشداری کرد لە پرۆسەکانی ئاشتەوایی و نەهێشتنی ململانێ لە کاتی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی دێرەزوور.