دەستگیرکردنی 16 ئەندامی “داعش” لە عێڕاق

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی 16 ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی عێراق لە راگەیەنراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گواستیەوە، رایگەیاند، “بە هەوڵی دەزگای هەواڵگریی، ئۆپراسیۆنێک بە دانانی بۆسەیەک ورد، دژ بە ئەندامانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، نەینەوا و سەڵاحەدین، ئەنجامدرا”.

راشیانگەیاند، “ئەو ئۆپەراسیۆنانە بوونە هۆی دەستگیرکردنی 16 ئەندامی داعش، کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە داواکراون بەپێی بڕگەکانی ماددەی (4ی تیرۆر) لە قەزاکانی موسڵ، رەمادی، فەللوجە، مەخمور، قائیم، عەنە و یوسفیە”.

روونیشیانکردەوە، “سەرجەم ئەو تیرۆریستانەی دەستگیر کراون وەک چەکدار و کارمەندی هەواڵگری کاریان بۆ داعش کردووە”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا و رێساکان دادگایی بکرێن.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی