ئیسرائیل چەند پێگەیەکی لە گوندەواری حومس بۆردوومان کردووە.. بریندار و زیانی ماڵی هەیە
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، میدیاکانی حکوومەتی سووریا رایانگەیاند، ئیسرائیل پێگەکانیانی لە گوندەواری حومس لە ناوەندی سووریا کردووتە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی گیانی و ماڵی لێکەوتووەتەوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە لە غەززە، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانکردنی پێگە و ئامانجەکانی ناو خاکی سووریای زیاد کردووە.
ماڵپەڕی “ئەسەر پرێس” لە زاری ئەو سەرچاوانەوە کە بە “تایبەت” وەسفی کردووە دەڵێ، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەدا چەند پێگەیەکیان لە گوندەواری باشووری حومس بۆردوومان کردووە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، هێرشە ئاسمانییەکان زیانی ماڵی و برینداربوونی سێ کەسی لێکەوتووەتەوە، دەشڵێن بەرگرییە ئاسمانییەکان “وەڵامی بۆردوومانەکانیان داوەتەوە؛ بەپێی هەواڵی سەرچاوەکان، زۆربەی مووشەکەکان پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان خراونەتە خوارەوە”.
لە 10ی تشرینی دووهەمی رابردوودا، هێرشەکانی ئیسرائیل بارەگا و پێگە سەربازییەکانی “حیزبوڵا”یان کردە ئامانج، ئەمە جگە لە بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەکی سەربازییەکانی سەر بە هێزەکانی حکومەت لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حومس.