عەفرینی داگیرکراو.. سەرکردەی میلیشیایەکی سەر بە تورکیا دەست بەسەر ماڵ و زەوی کشتوکاڵی هاووڵاتیاندا دەگرێت

عەفرینی داگیرکراو – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرکردەی میلیشیای “سلێمان شا” (ئەلعەمشات)ی سەر بە تورکیا، دوای دەرکردنی دانیشتووانی گوندی “باسوتە” لە باشووری رۆژئاوای گوندەواری عەفرینی داگیرکراو لە رۆژئاوای کوردستان، دەستی بەسەر موڵک و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیلدا گرت.

دەیان راپۆرتی مافەکانی مرۆڤ و راپۆرتە یاساییەکان، ئاماژە بە دەستبەسەرداگرتنی ماڵی هاووڵاتیانی رەسەنی عەفرین دەکەن، کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تورکیاوە بە یاوەری میلیشیا ئۆپۆزسیۆنە دڵسۆزەکانی بۆ سەر ناوچەکە، لە بەهاری 2018دا، ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

بەرپرسێکی ئەنجوومەنی خۆجێیی گوندی “باسوتە” کە لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت رایگەیاند، گروپێکی سەر بە سەرکردەی ئەمنی “فەرحان سەڵاح ئەلعاید” کە نازناوی “ئەبو ریماح”ە لە ناو میلیشیای ئەلعەمشاتدا، دەستیان بەسەر سێ خانوو و زەوی کشتوکاڵیدا گرتووە، کە رووبەرەکەی 180 دۆنمە و بە زەیتوون و سەوزە چێنراوە، خەڵکی شارۆچکەی “باسوتە” خاوەندارێتی دەکەن، کە لە دوای داگیرکردنی عەفرینەوە لەلایەن تورکیاوە ئاوارەی حەڵەب بوون.

ناوبراو بە پەیامنێرێکی نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەو موڵکانە بە بیانووی ئەوەی خاوەنە رەسەنەکانیان پێش داگیرکردنی عەفرین پەیوەندییان لەگەڵ بەڕێوبەریی خۆسەریی هەبووە، دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – دارشتنەوەی: تەیسیر محەمەد