“هەسەدە” بەرپرسێکی داعش لە رەققە دەستگیر دەکات

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکراتی رۆژئاوای کوردستان، دەستگیرکردنی بەرپرسی دابینکردنی چەکی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان لە رەققەی رۆژئاڤا راگەیاند.

ناوەندی ڕاگەیاندنی “هەسەدە” رایگەیاند، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە ناو شاری رەققە ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا “عەبدولڕەزاق مەحمود زەبەکی”، کە نازناوی “ئەبو خەتاب”ە و بەرپرسێکی داعشە لەو شارە، دەستگیرکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە بەرپرسی دابەشکردنی چەک و تەقەمەنی بووە بۆ شانەکانی داعش لە شاری رەققە و گوندەوارەکانی.

راشیانگەیاند، “زەبکی” لە شاری بابەوە هاتووە و لە گەڕەکی کوردان لە بەشی باکووری رەققە نیشتەجێیە.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان