لە گوندەواری حومس ژمارەیەك پاسداری ئێرانی كوژران و برینداربوون
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ، لانیکەم پێنج ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، لە ئەنجامی هێرشی چەكدارانی نەناسراو و بۆمبی چێندراوەوە، لە گوندەواری حومس لە ناوەڕاستی سوریا.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ڕایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان کاروانێکی سەربازی ئێرانیان لە ڕێگای حومس – تەدمور کردووەتە ئامانج. لەكاتێكدا کاروانەکە بەرەو پێدەشتەكانی حومس دەڕۆیشت بۆ پاڵپشتی ئەندامەکانی لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بۆ ڕاوەدوونانی شانەکانی داعش لە دەشتاییەكانی سوریا دەستیپێکردووە.
سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی پێنج ئەندام، هەروەها چەند ئەندامێكی دیکە لە کاتی پێکدادانەكاندا برینداربوون.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە هێرشەكە لەلایەن گروپێك بە ناوی “لیواکانی جەعفەر تەییار” ئەنجامدراوە.
“لیواکانی جەعفەر تەییار” خۆی وەك ئۆپۆزسیۆن نیشان دەدات و لە پێدەشتەكانی سوریا و گوندەواری دێرەزوور كردەی چەكداری ئەنجام دەدات و زۆرجار هێزەکانی حکومەت و میلیشیا ئێرانییەکان دەکاتە ئامانج.