ئەمەریکا بە ئامانجگرتنی گروپە چەکدارەكان لە کەرکوک پشتڕاست دەكاتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، دوێنێ لە پێناو بەرگری لە خۆیان، پێنج چەکداریان لە کەرکوک کردووەتە ئامانج، لە کاتێکدا خۆیان ئامادە دەکرد بۆ هێرشکردنە سەریان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
دوێنێ، سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی “گومان دەکرێت ئەمەریکی بێت”، پێنج ئەندامی گروپێکی چەکداری عێراقی نزیك لە ئێران لە ناوچەیەکی پارێزگای کەرکوک کوژران.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێكدا ڕایگەیاندووە، رۆژی 3ی کانونی یەکەم لە نزیک شاری کەرکوک لە عێراق، هێزەکانیان پێنج چەکداریان كردووەتە ئامانج کە خۆیان بۆ هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دژی هێزەكانی ئەمەریكا ئامادە دەکرد.
لەدوای 17ی ئۆکتۆبەری ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا نزیکەی 70 هێرشیان كراوەتەسەر و بەهۆیەوە 62 سەربازی ئەمریکی برینداربوونە، بەگوێرەی زانیارییەكانی پێنتاگۆن، دوایین هێرش بە ئامانجگرتنی بنکەیەكی ئەمریکی بووە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی ئەمەریكا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە بە بەکارهێنانی سیستەمێکی سەربازیی ئاسمانی بێ فڕۆكەوانی ئەمریکی و هەر پێنج چەکدارەکە کوژراون و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەش لەناوبراوە.
ڕوونیشی كردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە هێرشەکە ئاگادارکراونەتەوە، ئەوانیش چوونەتە شوێنەکە، لەوێش پشتڕاستکرایەوە کە چەکدارەکان کوژراون و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەناوبراوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەكەدا جەخت لە بەردەوامی بەرگریکردن لە کارمەندان و هێزەکانی هاوپەیمانان لە بەرامبەر هێرشی گروپە چەکدارەكان كراوەتەوە.