بەرنامەی خۆراکی جیهانی، کۆتایی به‌ هاوکارییەکانی له‌ سوریا دەهێنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئه‌مڕۆ دووشەممە، کۆتایی هاتنی یارمەتیی‌ خۆراکی خۆی، بەهۆی کەمبوونه‌وه‌ی پاڵپشتی دارایی لە سەرتاسەری سوریا ڕاگەیاند، کە لە سەرەتای ساڵی داهاتووه‌وه‌ كۆتایی پێدێت.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011 ەوە پاڵپشتی سورییەکان دەکات و ملیارەها دۆلاری لە سەرجەم بوارە مرۆییەکان خەرج کردووە و بە ملیۆنان تۆن پێداویستی خۆراکی گه‌یاندووه‌ته‌ ده‌ست ملیۆنان خێزان.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، بەداخەوە کۆتایی هاتنی بەرنامەی هاوکاری خۆراک لە سەرتاسەری سوریا راده‌گه‌یه‌نین کە لە مانگی یەکی داهاتوو دەست پێدەکات، ئەمەش بەهۆی کەمیی پاڵپشتی دارایی. به‌ڵام بەردەوام ده‌بن لە پشتگیریکردنی ئەو خێزانانەی کە بەهۆی حاڵەتە فریاگوزاریەکان و کارەساتی سروشتییەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئێستا بەرنامەی خۆراکی جیهانی پاڵپشتی زیاتر لە 300 هەزار ژن و ئافره‌تی دووگیان و شیردەر و منداڵانی تەمەن شەش مانگ بۆ دوو ساڵ دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خۆراک لە سه‌رتاسه‌ری سوریا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ کارل سکاو، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لانیکەم 38 وڵات لە کۆی 86 وڵات کە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی تێیدا کاردەکات، بەنیازن بەم نزیکانە هاوکارییەکان بۆ وڵاتانی وەک ئەفغانستان، سوریا ، یەمەن و ڕۆژئاوای ئەفریقا، کەمبکەنەوە یان پێشتر هاوكارییه‌كانیان كه‌مكردووه‌ته‌وه‌.

پێشتریش ناوبراو لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوورایگه‌یاندبوو، بەشەخۆراکیان بۆ نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی سوری کەمکردووەتەوە.

بەرنامەکە لە بەیاننامەکەیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کار بکه‌ن بۆ زیادکردنی ئەو پاڵپشتیانەی کە پێشکەش بە خەڵکی سڤیل دەکرێت لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی به‌هۆی تێکچوونی دۆخی ئابووریی ناوچەکە.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی