دیمەشق بڕیارێک رەتدەکاتەوە کە هاوردەکردنی ماددە کیمیاییەکان بۆ سووریا قەدەغە دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا بڕیاری سنووردارکردنی هاوردەکردنی ماددە کیمیاییەکانی بۆ وڵاتەکەی رەتکردەوە.

پێنجشەممەی رابردوو زۆرینەی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەنگیان لەسەر “رێوشوێنێکی بەکۆمەڵ” دا بۆ قەدەغەکردنی گواستنەوەی چەند ماددەیەکی کیمیایی و کەرەستەی پەیوەندیدار بە دروستکردنی چەکی کیمیاییەوە بۆ سووریا.

لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “سووریا بەردەوامە لە هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و لە شاردنەوەی زانیاری ورد و تەواو سەبارەت بەو چەکە”.

لە راگەێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریادا هاتووە، “سووریا ئەو بڕیارە رەتدەکاتەوە کە لە 28ەمین دانیشتنی کۆنفرانسی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییدا، پێنجشەممەی ڕابردوو پەسەندکرا”.

لە ساڵی 2013دا سووریا رەزامەندی دەربڕی بە بوون بە ئەندام لە رێکخراوەدا، بەڵام لەو کاتەوە ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە بەردەوامە لە تۆمەتبارکردنی حکومەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کە دیمەشق رەتیدەکاتەوە.

لە ساڵی 2021دا مافی دەنگدانی سووریا لە چوارچێوەی ئەو رێکخراوەدا بە رێوشوێنێکی سزایی بێ وێنە راگیرا، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشی گازی ژەهراوی بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل لە ساڵی 2017دا، کە دیمەشق رەتیدەکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “دەنگی 69  وڵات لە کۆی 193ی بەشدار لە رێککەوتنەکەدا بە بەرژەوەندی رڕەشنووسی بڕیارنامەکە، چەواشەکاریی وڵاتانی رۆژئاوا ئاشکرا دەکات و پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم بڕیارنامەیە رەنگدانەوەی رق و کینەی رۆژئاوایە بەرامبەر بە وڵاتێکی گەشەسەندوو”.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: تەیسیر محەمەد