بارەگاکانی “هەسەدە”ی رۆژئاڤا لە دێرەزوور دەکرێنە ئامانج

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ شەوی رابردوو، چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا.

سەرچاوەیەکی سەربازی “هەسەدە” لە دێرەزوور ئاشکرای کرد، چەکدارانی نەناسراو بە چەکی ئاسایی هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکیان له کەناری رووباری فورات له شارۆچکەی “زغیر جەزیرە” و به هۆیەوه پێکدادانێکی پچڕپچڕ روویداوە، کە هێرشبەرەکانیان “ناچار” بە هەڵاتن کردووە، بەبێ تۆمارکردنی قوربانی و برینداربوون.

ئاماژەیان بەوەشکرد، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی “هەسەدە” کە لە کەناری فورات جێگیرکراون لە شارۆچکەکانی “شحێل” و “شنان ئەلجەرزی”، هێزەکانیان وەڵامی سەرچاوەکانی بەئامانجگرتنەکەیان داوەتەوە، بەجۆرێک زیانەکان سنووردار بوون بە زیانە ماڵییەکان.

هەروەها بەپێی هەمان سەرچاوە، لە شارۆچکەی “حەجنە” لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، چەکدارە نەناسراوەکان بە “ئار پی جی” خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.

لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە، ناوچەکانی دێرەزوور دزەکردنی ئەو چەکدارانە بەخۆوە دەبینێت، کە “هەسەدە” لە رۆژئاڤا دەڵێت سەر بە هێزەکانی دیفاع وەتەنی و پێکهاتەکانی دیکەی ناو هێزەکانی حکومەت ومیلیشیاکانی سەر بە ئێرانییەکانن.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – دارشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان