“مقاوەمەی ئیسلامی” دەڵێ بە درۆن هێرشمان کردووەتە سەر بنکەی “عەین ئەسەد” لە عێراق

هەولێر – نۆرس پرێس

درەنگانی شەوی دوێنێ یەکشەممە، میلیشیای “مقاومەى ئیسلامى لە عێراق” کە لە چەند گروپێکی حەشدی شەعبی پێکهاتوون رایانگەیاند، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەى سەربازى عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق.

“مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” دەڵێ، ئەو ھێرشەیان لە کاردانەوەى ئەو هێرشانەیە کە دەکرێنە شارى غەززەى فەلەستین.

 پاش سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ژێر ناوی “مقاوەمەی ئیسلامی”دا هێرش بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ئەنجام دەدەن.

راگەیاندنى ئەم هێرشەیان لە کاتێکدا بوو، کە هەر دوێنی شەو، کاروانێکی سەربازی ئەو میلیشیانە لە سنووری قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک بۆردوومان کرا و لە ئەنجامدا پێنج چەکداریان کوژران.

کەمێک دوای رووداوەکە، میلیشیای “مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق” کوژرانی پێنج چەکداریان راگەیاند و گوتیان هێرشەکە لە لایەن ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، بەڵام هێستا ئەمریکا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر رووداوی بەئامانجگرتنی ئەو میلیشیا چەکدارە نەبووە.

بەگوێرەی پێنتاگۆن، پاش 17ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە تا ئێستا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا نزیکەی 70  جار لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە، هێرشیان کراوەتە سەر و بەو هۆیەشەوە 62 سەربازی ئەمریکی برینداربوون.