پێنج چەکداری “مقاوەمەی ئیسلامی” لە نزیک کەرکووک کوژران

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، لە سنووری قەزای دووبز، لە پارێزگای کەرکووک، کاروانێکی سەربازیی سەر بە میلیشیای “مقاوەمەی ئیسلامی” بۆردوومان کران و لە ئەنجامدا پێنج چەکداریان کوژران.

کەمێک دوای رووداوەکە، میلیشیای “مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق” راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێنج چەکدارییان لەهێرشێکی ئەمریکادا کوژراوە.

تا ئێستا ئەمریکا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر رووداوی بەئامانجگرتنی ئەو میلیشیا چەکدارە نەبووە.

بەگوێرەی پێنتاگۆن، پاش 17ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە تا ئێستا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا نزیکەی 70  جار لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە، هێرشیان کراوەتە سەر و بەو هۆیەشەوە 62 سەربازی ئەمریکی برینداربوون، دوایین هێرشیش بە ئامانجگرتنی بنکەی ئەمریکی بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە هۆی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە.

بە پێی راگەێنراوێکی حکومەتی عێراق،رۆژی شەممەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی پەیوەندییەکیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا “جەختی لە هەڵوێستی عێراق کردەوە، بۆ ڕەتکردنەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکەکەی” دووپاتیشی کردەوە، بە پابەندبوونی حکومەتی عێراق، بۆ پاراستنی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.