جموجۆڵی فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كان، له‌سه‌ر كه‌شتییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا له‌ ده‌ریای سوور زیادیان كردووه‌

دیمەشق – نۆرس پرێس

ده‌سته‌ی چالاكی بازرگانیی ده‌ریایی به‌ریتانیا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رایگه‌یاند هه‌ڵدانی فرۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان كه‌ له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كرێن له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كان له‌ ده‌ریای سوور زیادیكردووه‌ و داوا ده‌كات زیاتر ئاگاداری جوڵه‌ی ئه‌م فڕۆكانه‌ بن.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا حوسییەکان لە یەمەن دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری “ئیسرائیلی” بە ناوی “گالاکسی ریده‌ر”دا گرت لە دەریای سوور، هەروەها به‌ ئامانجگرتنی کەشتییە ئیسرائیلییەکانیان بە مافی خۆیان زانیوه‌.

دوابەدوای ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی کەشتییەکە لەلایەن حوسییەکانەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بوونی خۆیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی بەهێزتر کرد، به‌ ئامانجی ڕێگری له‌  هەڕەشەکانی ئێران.

هاوكات ڕۆژنامەی یه‌دیعوت ئه‌حره‌نوتی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەوە بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، هەوڵی هێرشێكیان لە دەریای سوور پووچەڵ کردووه‌ته‌وه‌.

پێشتر فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی لە باشووری دەریای سوور راگەیاند.

دوێنێ، بەرپرسێکی بەرگری ئەمریکی ڕایگەیاند، یەکێک لە فڕۆکەکانیان ڕێگری لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کردووە کە بەسەر کەشتیی فڕۆکە هەڵگری “ئایزنهاوەر” لە کەنداودا دەسوڕایەوە، کە بەم دواییە لە چوارچێوەی به‌هێزكردنی پێگه‌ی هێزەکانی ئەمریکا و پاراستنی ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی له‌ ناوچه‌كه‌ جێگیركراوه‌.

هەر لەبەر هەمان هۆکار لەم دواییانەدا بەریتانیا کەشتییەکی تری سه‌ربازی بۆ کەنداوی عەرەبی ره‌وانه‌كرد .

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان