دیمەشق هۆشداری دەدات لە تەشەنەسەندنی ململانێکان غەززە بۆ وڵاتانی هەرێمی

رەققە – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی سووریا هۆشداریدا لە تەشەنەسەندنی جەنگی غەززە بۆ ناوچە نوێیەکان و وڵاتانی هەرێمی و گوتیان پێویستە “کۆمەڵکوژی” دژ بە فەلەستینییەکان بوەستێنرێت.

دوێنێ ئیسرائیل بۆردومانەکانی بۆسەر کەرتی غەززە پەرەپێدا و سەرچاوە فەلەستینییەکان باسیان لەوە کرد کە لە ماوەی هەینی و شەممەدا 240 کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، هەروەها پێگەکانی حزبوڵایان لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج، و پێشتریش دەوروبەری دیمەشقی پایتەختیان کردە ئامانج، لە بەرەبەیانی دوێنێدا.

پەرەسەندنەکانی ئیسرائیل لە غەززە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستێک هات کە ماوەی 7 رۆژ بەردەوام بوو و ئیسرائیل لە دروستکردنی تەنگوچەڵەمەدا بۆ دانوستانەکانی قەتەر، حەماسی بە بەرپرسیار زانی.

وەزارەتی دەرەوەی دیمەشق لە راگەێنراوێکدا کوژرانی زیاتر لە دوو سەد کەسی لە ئەنجامی بۆردومانی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە راگەیاند و بە ئامانجگرتنی لوبنان و دەوروبەری دیمەشق سەرکۆنە کرد.

راگەێنراوەکە، پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بە “هەوڵێک بۆ دروستکردنی قەیرانێکی ناوچەیی بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی سیاسەتەکانی زایۆنیستی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و هەڵهاتنیان لە رووبەڕووبوونەوەی واقیع” زانی.

لە راگەێنراوەکەی دیمەشقدا هاتووە، کە “بەردەوامی داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین هۆکاری سەرەکی پشت ئەم شەڕەیە”، ئاماژەیان بە رۆڵی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکاش کرد لە یارمەتیدان و پاراستنی ئیسرائیلدا و بە گوتەی ئەوان “ئەمەش رێگای خۆشکردووە بۆ ئیسرائیل بۆ کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر گەلی فەلەستین”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان