سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران سەردانی بەغدای کرد و سێ رۆژ لەوێ دەمێنێتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوینێ شەممە، شاندێکی باڵای سەربازیی لە ئێرانەوە بە سەرۆکایەتی لیوا محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران، سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق کرد و بڕیارە سێ رۆژ لەوێ بمێنێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی “فارس” دوینێ بڵاویکردەوە، کە “پاشنیوەڕۆی شەممە، باقری بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی و سیاسی سەردانی بەغدا دەکات”، ئاماژەی بەوەشدا، “سەردانەکە بۆ بەغدا 3 رۆژ دەخایەنێت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی عێراق کۆدەبێتەوە، لەنێویاندا سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار”.
بە گوتەی ئاژانسەکە، ئەم سەردانە لە وەڵامی بانگهێشتنامەی سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراقدا هاتووە.
ماڵپەڕی “ئەلعالەم”ی عێراقی بڵاویکردەوە، کە مەبەست لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە گەڵ بەرپرسانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی “پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێشهاتە ناوچەییەکان، پەیوەندییەکانی بەرگری دوو قۆڵی و هاوکاریی سنوورییەکانی نێوانیانە”.