جەندرمەی تورکیا تەقەیان لە کۆچبەران کرد لە سەرێ کانیێ و منداڵێک گیانیلەدەستدا

سەرێ کانیێ – نۆرس پرێس

دوینی شەممە، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوەی لە بەری عەلووکەوە بەرەو تورکیا، لە رۆژهەڵاتی سەرێ کانیێ، لە لایەن جەندرمەکانی تورکیاوە تەقە لە چەند کۆچبەرێکی سووری کرا و دوای چەند کاتژمێرێک لە پێکانیان، منداڵێک گیانیلەدەستدا.

ژمارەی بریندارانی کۆچبەران بە گولـلەی جەندرمەکانی تورکیا لە ماوەی مانگی رابردوودا 37 کەسی تێپەڕاندووە، هاوکات 4 کەسیش گیانیانلەدەستداوە، کە خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکانی (سەرێ کانیێ، گرێ سپی، و گوندەکانی ئیدلب و عەفرین)ن.

کارگێڕێک لە نەخۆشخانەی سەرێ کانیێ رایگەیاند، ئەو منداڵە بە ناوی (رەعد مەلەک یاروب) تەمەنی 9 ساڵە و دوای نەشتەرگەری لە ناوچەی سکیدا بۆ دەرهێنانی ئەو فیشەکەی بەریکەوتبوو، گیانی لەدەستداوە، چونکە بڕێکی زۆر خوێنی لێ رۆشتووە.

بۆ نۆرس پرێس ئاماژەیان بەوەشکردووە، بارودۆخی “موەفەق یاروب” (تەمەن 23 ساڵ) کە برای منداڵەکەیە، “بەهۆی بوونی فیشەکێک لە پشتیدا هێشتا لەژێر چاودێریدایە”.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە “شورتەی عەسکەری” سەر بە تورکیا رایگەیاند، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەدا کۆمەڵە کەسێک ویستوویانە بپەڕنەوەی بۆ تورکیا، لە لایەن پاسەوانانی سنووری تورکیاوە کراونەتە ئامانج.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان