دەستپێشخەریەک بۆ دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی هێرشی کیمیایی لە سووریا راگەێنرا
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، دەستپێشخەرییەک بۆ دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی لە لاهای دەستیپێکرد، بە مەبەستی دادگاییکردن و سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشی نایاسایی بە چەکی کیمیایی لە سووریا.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، نزیکەی 10 گرووپی مافەکانی مرۆڤی سووریا و شارەزایانی یاسایی نێودەوڵەتی لە ماوەی دوو ساڵدا بە شاراوەیی کاریان کردووە بۆ دانانی بناغەی دادگایەکی نوێ لەسەر بنەمای ئەو پەیماننامانەی کە دەتوانرێت ئەو کەسانەی پێ دادگایی بکرێت، کەوا تۆمەتبارن بە بەکارهێنانی ماددە ژەهراوییە قەدەغەکراوەکان لە جیهاندا.
پێشنیازی دامەزراندنی دادگای تایبەتی چەکی کیمیایی، دوێنی 30ی تشرینی دووهەم راگەیەنرا، کە ئەو رۆژە لە سەرانسەری جیهان یادی قوربانیانی هێرشە کیمیاییەکان دەکرێتەوە و هەنگاوی دواتریش ئەوەیە کە وڵاتان لەسەر داڕشتنەوەی پەیماننامەکە رێکبکەون.
بەپێی ئاماری رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، رژێمی سووریا بەرپرسیارە لە هێرشێک کە لە ساڵی 2018 لە شاری دوما روویدا و بەهۆیەوە 43 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بە چەکی کیمیایی نایاسایی لە کاتی شەڕی ناوخۆدا لە سووریا هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون، کە بەشێکی زۆریان منداڵ بوون، بەڵام دوای زیاتر لە دە ساڵ ئەنجامدەرەکان بە بێ سزا ماونەتەوە.
میکانیزمی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی نێوان نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بۆی دەرکەوتووە، کە حکومەتی سووریا گازی دەماری سارینی بەکارهێناوە لە هێرشێکدا کە لە مانگی نیسانی 2017 روویدا، هەروەها چەندین جار کلۆری وەک چەک بەکارهێناوە و دواتر چەکدارانی داعشی تۆمەتبارکردووە لە بەکارهێنانی گازی خەردەل.
میکانیزمی نێودەوڵەتی، بێلایەن و سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە قورسترین تاوانەکانە ئەنجامدراوەکان لە سووریا، کە سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە، رایگەیاندووە، تەنها بەشێکی کەم لە نزیکەی 200 لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگی سووریا لەلایەن وڵاتانەوە ئەنجامدراوە، کە زۆربەیان ئەوروپین، زۆربەیان پەیوەندییان بە بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکانەوە هەیە لە هێرشەکاندا.
سەرۆکی ئەم میکانیزمە، کاترین مارچی-ئۆیەل، ئاماژەی بەوەدا کە دەرفەتی پێویست نییە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری سەبارەت بە هێرشەکانی چەکی کیمیایی لە سووریا، هەروەها میکانیزمی نێودەوڵەتی و بێلایەن و سەربەخۆ ئامادەیە لەگەڵ دادگایەکی نوێ کاربکات.