“مقاوەمەی ئیسلامی” هەڕەشەی پەرەپێدانی هێرشەکانی دەکات بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” ئامادەیی خۆی بۆ پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، دژ بە پێگەکانی ئەمریکا راگەیاند.

بەگوتەی پێنتاگۆن، لەدوای 17ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە تا ئێستا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا نزیکەی 70 هێرشیان بەرکەوتووە و بەو هۆیەشەوە 62 سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە دوایینیان بە ئامانجگرتنی بنکەی ئەمریکی بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان.

گروپی “مقاوەمەی ئیسلامی” شەوی رابردوو لە بەیاننامەیەکدا لە رێگەی ناسێنەرە فەرمییەکانییەوە رایگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوە و پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژ بە پێگەکانی ئەمریکا لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لە شەڕەکەیدا بۆ سەر کەرتی غەززە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد