ئاگربەست تەواو بوو.. ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل لە راگەێنراوێکدا دەستپێکردنەوەی شەڕی دژ بە بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە کەرتی غەززە راگەیاند، هاوکات دەنگی ئاگادارکەرەوەکان لە هێرشی مووشەکیی بۆ سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل لە نزیک کەرتی غەززە کارا کران.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە توانیویانە مووشەکێک راگرن، کە لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی کرابوو، ئەمەش کەمێک بەر لە کۆتایی هاتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس بوو.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە کاتژمێر 7 بەکاتی ناوخۆ کۆتایی هات، ئەوەش دوای 7 رۆژ دێت لە ئاگربەست لە 24ی ئەم مانگەوە، کە لەو ماوەیەدا نزیکەی 100 بارمتەی بندەستی حەماس و  200 فەڵەستینی لەزیندانەکانی ئیسرائیل ئازادکران.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ئێستا لە ئیسرائیلە رایگەیاند، ” ئەمریکا لەگەڵ ئاگربەستی گشتی و بەردەوامدا نییە بەڵکو تەنیا پشتگیری لە ئاگربەستی کاتی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بە غەززە-یە”.

لە لایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی رایگەیاند، کە ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ درێژکردنی “ئاگربەستی مرۆیی و کاتی” لە غەززە، ئەمە جگە لە هەوڵەکانی قەتەر، میسر و دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، بۆ چەند رۆژێك یان لانیکەم یەک  رۆژ.