هێرشێکی “داعش” لە پارێزگای دیالە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەو، ئەندامانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە گوندێکی سەر بە پارێزگای دیالە لە عێڕاق، بۆمبیکی چێنراویان بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقاندەوە و بە قەنناس چەند کەسێکیان کردە ئامانج.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە ئاژانسە ناوخۆییەکانی رایگەیاند، کە دوێنێ شەو چەکدارانی “داعش” لە نزیک گوندی عیمرانییە لە ناحیەی وەجیهیەی پارێزگاکە، بە بۆمبی چێنراو و قەنناس هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێک و دوو کەس کوژراون و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

هەرچەندە گوتەبێژەکەی پۆلیسی پارێزگاکە ژمارەی بریندارانی نەخستەڕوو، بەڵام شایەتحاڵەکان گوتیان کە نزیکەی 8 کەس بریندار بوون.

بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای دیالە بە ئاژانسە ناوخۆییەکانی راگەیاندووە، کە قوربانییانی رووداوەکە زیاتر لە 25 کەسن، لەنێویاندا 10 کوژراو و 17 بریندار هەیە و بەشێک لە قوربانییەکان کەسوکاری ئەندام پەرلەمانێکی عێراقن، بە ناوی “سەلاح زێن ئەلتەمیمی”.

  لە لایەکی ترەوە، دوێنێ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەێنراوێکدا گوتی، فڕۆکەکانی عێراق بۆردوومانی چەند گوندێکی دەوروبەری دووزخورماتوویان کردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکداری “داعش”یان کوشتووە و چەند مۆڵگەیەکیشیان رووخاندوون.