ئوردن دەست بەسەر نیو ملیۆن حەبی کپتاگۆندا دەگرێت کە لە سووریاوە هاتبوو

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، گوتەبێژی راگەیاندنی فەرمانگەی گومرگی ئوردن رایگەیاند، کارمەندانیان لە دەروازەی سنووریی جابر، هەوڵێکیان بۆ بەقاچاخبردنی 565 هەزار حەبی کپتاگۆن پووچەڵکردووەتەوە، کە لە سووریاوە هاتبوو.

ئوردن بەردەوام دەستبەسەرداگرتنی بڕی جیاوازی حەبی هۆشبەری کپتاگۆن و جۆرەکانی دیکەی ماددەی هۆشبەرەکان رادەگەیەنێت، هەروەها هەوڵەکانی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر لە خاکی سووریاوە پووچەڵ دەکاتەوە.

گوتەبێژەکە روونیکردەوە، بڕە حەبە هۆشبەرەکان لە بارهەڵگرەکەدا شاردرابووەوە، کە پشکنینی وردی لە تاقیگەکاندا بۆ کراوە.

لە کاتێکی پێشتردا، ئەیمەن ئەلسەفادی وەزیری دەرەوەی ئوردن ئاشکرای کرد کە بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری سووریا و ئوردن، لە دوای دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق زیادیان کردووە، هەروەها “ئۆردن کار لە سەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەکات”، جەختی لەوەش کردەوە کە “قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر ئوردن ، بەڵکوو هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەش، دەبێت هاوکارییەکان بەهێزتر بکرێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مەترسییە”.

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کەلوپەلە دەست بەسەرداگیراوەکان رادەستی دەزگا ئەمنییە کارامەکان کراون، بۆ ئەوەی رێکاری یاساییە پێویستەکان بگیرێنەبەر.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: روبین عومەر