ئاسایشی رۆژئاڤا دوو ئەندامی “گروپێکی تێکدەر”ی سەر بە دیمەشق لە دێرەزوور دەستگیر دەکەن
رەققە – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی دوێنی چوارشەممە، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاڤا دوو ئەندامی “گرووپێکی تێکدەر”ی سەر بە حکومەتی دیمەشقیان، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکرد.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، چەکدارەکانی سەر بە رژێمی سووریا، هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری دێرەزوور پەرەپێداوە، کە بە هۆیەوە چەندین شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات برینداربوون و زیانی ماڵیی لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی رۆژئاڤا رایگەیاند، هێزە تایبەتەکانی H.A.T ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە، کە بە “ئاست بەرز و سەرکەوتوو” ناویان برد، لە ئەنجامدا دوو ئەندامی “گرووپە تێکدەرەکەی سەر بە رژێمی سووریا” دەستگیرکراون.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکاندا بووە بۆ “ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئاژاوە بڵاوبکەنەوە” و دەست بەسەر چەک و ئامێرەکانی پەیوەندیکردندا گیراوە کە لەبەردەستیاندا بووە.
شەممەی رابردووش، ناوەندی راگەیاندنی هێزە حکومییەکان دانپێدانانی چوار دەستگیرکراویان بڵاوکردەوە، کە لە مانگی ئابی رابردوودا بەشدارییان کردبوو لە هێرشەکاندا بۆ سەر بارەگاکانی “هەسەدە”، کە تیایدا وردەکاریی چۆنێتی پلان بۆ داڕێژانی هێرشەکان و پاڵپشتیکردنیان لە لایەن باڵی “ئەمنی عەسکەری” هێزەکانی حکومەتی دیمەشقەوە.