دەستەی کۆمەڵایەتی عەفرین داوای هەڵگرتنی گەمارۆکان دەکات لە سەر ئاوارەکانی عەفرین
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دەستەی کۆمەڵایەتی عەفرین لە بانگەوازێکدا داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد دەستوەردان بکەن بۆهەڵگرتنی گەمارۆکانی “رژێمی سووریا” لە سەر ئەو ناوچانەی کە ئاوارەکانی عەفرین لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەڵەب و کامپەکانیان دیکەی رۆژئاڤا دەگرێتەخۆی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی کۆمەڵایەتی عەفرین، کە خەمخۆری کاروباری ئاوارەکانی عەفرینە لە رۆژئاوای کوردستان و بنکەکەی لە قامشلۆیە، لە راگەێنراوێکدا گوتی، “حکومەتی سووریا گەمارۆیەکی خنکێنەری بەسەر ئاوارەکاندا سەپاندووەو رێگری دەکات لە هاتنەناوەوەی کەرەستەی سەرەتایی وەک دەرمان و ئارد و خۆراک و سووتەمەنی”.
رۆزلین بەکر، ئەندامی دەستەی کۆمەڵایەتی عەفرین بە نۆرس پرێسی راگەیاند، گەمارۆدانی ئاوارەکان “تاوانێکە رژێمی سووریا ئەنجامی دەدات”.
لە راگەێنراوەکەدا هۆشداری دراوە لە “کارەساتێکی مرۆیی” کە کاریگەری لەسەر هەزاران هاووڵاتی ئاوارە دەبێت، هەروەها داوایان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە دەستوەردان بکەن بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە.
شەممەی رابردوو، دەسەڵاتی پەروەردەی بەڕێوبەریی خۆسەریی بەهۆی نەمانی سوتەمەنیەوە، وانە خوێندنی لە سەرجەم قوتابخانەکانی گوندەواری باکووری حەڵەب راگرت.
ماوەی هەفتەیەکە بازگەکانی فیرقەی چواری هێزەکانی حکومەتی دیمەشق، رێگری دەکەن لە هاتنە ناوەوەی سووتەمەنی و کەرەستەی لۆجستی بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێکردن.