لە کۆبوونەوەیکیاندا لە گەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.. کەسایەتییە دیارەکانی هۆزی عەگیدات دەستێوەردانی دەرەکی رەتدەکەنەوە

رەققە– نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، سەرۆکهۆز و کەسایەتییە دیارەکانی هۆزی عەگیدات، داوای زیادکردنی پشتیوانیان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دێرەزوور، رۆژئاوای کوردستان و هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکییان لە کاروباری ناوچەکەدا رەتکردەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی “هەسەدە- رۆژئاڤا” کۆبوونەوەیەکی “بەرفراوان”ی راگەیاند، کە لە نێوان نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ سەرۆکهۆز و کەسایەتییە دیارەکانی هۆزی عەگیداتدا ئەنجام درابوو، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی دێرەزوور.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کراوە، کە هەندێک لایەن “هەوڵ دەدەن بۆ بڵاوکردنەوەی ناتەبایی و دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکاندا، لەڕێگەی لایەنە دەرەکییەکانەوە و بە ناوی هۆزەکان”ەوە.

سەرۆکهۆز و کەسایەتییە دیارەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە، هەموو جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکییان لە کاروباری ناوچەکە و هۆزەکاندا رەتکردەوە، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ “هەسەدە” لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە، کە بە گوێرەی راگەێنراوەکە، بە “بڕبڕەی پشتی خەڵکی ناوچەکە” ناویان برد.

هەروەک داوایان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە پشتیوانییەکانی بۆ “هەسەدە- رۆژئاڤا” زیاتر بکات، تا بتوانێت رووبەڕووی ئەو چەکدارانەی سەر بە رژێمی ئەسەد ببنەوە “کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئاژاوە و گێرەشێوێنی لە ناوچەکەدا دەدەن”.

ماوەیەکە ناوچەکانی دێرەزوور گرژیی ئەمنی و پەرەسەندنی سەربازیی بەخۆوە دەبینێت و تیایدا هێزەکانی سووریای دیموکرات لە لایەن میلیشیاکانی دەسکەلای رژێمەکانی ئێران و دیمەشقەوە دەکرێنە ئامانج.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان