بەمزوانە یەکەم بانکی ئێرانی لە سووریا دەستبەکار دەبێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

محەممەد رەزا فەرزین، ئەمینداری بانکی ناوەندیی ئێران، رایگەیاند: بەمزوانە یەکەم بانکی ئێرانی لە سووریا دەستبەکار دەبێت.

ئاژانسی هەواڵی ئێرانی “ئیرنا” بڵاویکردەوە، لە میانی دیداری فێرزین لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی، محەمەد هەزیم، فێرزین گوتویەتی: “تاران و دیمەشق ئارەزووی بەهێزکردنی پەیوەندییە بانکی و بازرگانییەکان و وەبەرهێنانی هاوبەشیان هەیە”.

فەرزین جەختی لەوە کردوەتەوە، کە “پێویستە هاوکارییە دراوی و بانکییەکانی نێوان ئێران و سووریا بەشێوەیەکی هاوتا لەگەڵ ئاستی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان و ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان پەرەپێبدرێت و کێشەکانی پەیوەست بە مامەڵە بانکییەکانی بازرگانانی هەردوو وڵات چارەسەر بکرێت”.

ناوبراو ئاماژەی بە “گەشەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی بانکی ئەلیکترۆنی و تۆڕی کارت لە ئێران و ئامادەیی بانکی ناوەندی بۆ هاوکاری هاوبەش لەم بوارەدا لەگەڵ سووریا” کردووەتەوە.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە روونیکردەوە، “یەکێک لە ستراتیژییە گرنگەکانی ئێران لە پەرەپێدانی هاوکارییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەکارهێنانی دراوی نیشتمانیی و زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووریە”.

لە سەرەتای مانگی ئایاری رابردوودا، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد، هاوتا سووریەکەی، جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان و پتەوکردنی هاوکارییەکانی سەبارەت بە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی دوای 12 ساڵ لە شەڕ کردەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی