لە یەکێک لە زیندانەکانی تەحریر شام، دەستگیرکراوێک لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەستدا
ئیدلب – نۆرس پرێس
دوێنێ لە یەکێک لە زیندانەکانی دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرە)ی پێشوو لە ئیدلب، دەستبەسەرکراوێک لە ژێر ئەشكەنجە گیانی لە دەستدا، دوای ئەوەی شەش مانگ لەمەوبەر دەستگیركرابوو، بەردەوام ئەشكەنجە دراوە.
سەرچاوەیەکی کارگێڕی لە یەکێک لە زیندانەکانی دەستەكە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دەستبەسەرکراوەکە ناوی عەلی جەمیل بەها بووە و تەمەنی (36 ساڵ) بووە، لە بەشی لێکۆڵینەوە لەناو زیندانی 107ی دەزگای ئەمنی دەستەی تەحریر شام گیانی لەدەستداوە، لەئەنجامی ئەشكەنجەدانی چەندبارەی بە تەزووی کارەبا لە کاتی لێکۆڵینەوەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا دەستەی تەحریر شام کوژراوەکەی لە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی ئەتمە لە باکووری ئیدلب بە تۆمەتی کارکردن بۆ لایەنە بیانییەکان دەستگیرکرد.
راشیگەیاندووە لە ماوەی دەستبەسەرکردنی دەستگیركراوەكە، بە بیانووی نهێنی لێکۆڵینەوە، نەهێڵدراوە كەسوكارەكەی سەردانی بکەن یان پارێزەری بۆ دابنێن.
لە هەمان چوارچێوەدا، سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی نیشتمانیی ئیدلب بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، تەرمی دەستگیرکراوەکە گەیشتووەتە بەشی پشکنینی نەخۆشخانەکە و نیشانەکانی ئەشکەنجەدان و چەقۆکێشان لەسەر جەستەی دەرکەوتووە. بەڵام چەكدارانی تەحریر شام بە ئەنقەست ستافی پزیشکییان ناچار كردووە ڕاپۆرتێکی پزیشکی ئامادە بکەن و هۆکاری مردنی دەستگیرکراوەکە بۆ جەڵتەی دڵ بگەڕێننەوە.