حوسییەکان دوو مووشەک بە ئاراستەی کەشتییەکی ئەمریکی لە کەنداوی عەدەن هەڵدەدەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، هەڵدانی دوو مووشەکی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی یەمەنەوە بەرەو کەشتییەکی تێکشکێنەری ئەمریکی، لە کەنداوی عەدەن راگەیاند.

گروپە حوسییەکانیش بەشداری بوونیان لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا راگەیاند و چەند مووشەکێکیان ئاراستەی ئامانجەکانی ئیسرائیل کرد و هەڕەشەیان کردە ئامانجی کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە دەریای سووردا.

هەفتەی رابردوو حوسییەکان دەستیان بەسەر کەشتییەکی بەریتانیدا گرت کە خاوەنەکەی “ئەبراهام رامی ئونگار”ی بازرگانی ئیسرائیلیە، لەگەڵ تیمەکەی کە 25 کەسی تێدابوو، لە بەرامبەردا ئەمریکا رایگەیاند کە بیر لە پۆلێنکردنەوەی حوسییەکان دەکاتەوە وەک “گرووپێکی تیرۆریستی”.

فەرماندەیی ناوەندی ئاماژەی بەوەدا، دوو مووشەکەکە لە کەنداوی عەدەن بە دووری 10 میلی دەریایی لە کەشتییە ئەمریکییەکەوە کەوتنەخوارەوە، بە گوتەی فەرماندەیی ئەمریکا، لەوکاتەدا کەشتییە ئەمریکییەکە لە وەڵامی داواکاری کەشتییەکی گوێزەرەوەی دەدایەوە، کە لە کاتی هەڵدانی مووشەکەکاندا هێرشی کراوەتە سەر.

فەرماندەیی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری “ئایزنهاوەر” گەرووی هورموزی بەزاندووە و گەیشتووەتە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی “بۆ پشتیوانی لە ئەرکەکانی فەرماندەیی ئێمە”، ئاماژەی بەوەدا کە گەڕی پشکنین بە ئاوەکانی کەنداودا ئەنجام دەدات، بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی لە رێڕەو ئاوییە سەرەکیەکاندا.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: تەیسیر محەمەد