لە ناوەراست و رۆژهەڵاتی سوریا بە دەیان ئەندامی حکومەت کوژران و بریندار بوون
حەلەب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دەیان ئەندامی هێزەكانی حکومەت، لە گروپە هاوپەیمانەکانیان و میلیشیاكانی نزیك لە ئێران لە کاتی پێکدادانەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا کوژراون و بریندار بوون، بە وتەی ئەو سەرچاوەیە پێكدادانەكان لەگەڵ شانەکانی “داعش” بووە لە پێدەشتەكانی سوریا و گوندەواری دێرەزوور.
ئەو سەرچاوەیە کە ئامادەنەبوو ناوی ئاشكرا بكرێت، رایگەیاند لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە دێرەزوور و دەشتاییەكانی سووریا 16 ئەندامی حكومەت کوژراون و 27 دیکەش برینداربوون.
بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی داعش، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە هێزەکانی حکومەت و ئەو گروپانەی پشتیوانیانن، هەڵمەتی بەرفراوانیان لە پێدەشتەكانی سوریا دەست پێکردووە، تا دەگاتە گوندەواری دێرەزوور بۆ بەدواداچوونی شانەکانی داعش.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێكی دیفاع وەتەنی، چوار ئەندامی ئەو هێزە كوژران و 18ی دیکەش برینداربوون. لەلایەكی ترەوە 10 ئەندامی گروپی “لیوای قودس”ی ئێرانی لە پێكدادان لەگەڵ شانەکانی داعش کوژراون و شەش ئەندامی دیکەش بریندار بوون.
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بە بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەك ئەندام كرد لە پێكدادانەكان، ئەوەشی خستەڕوو، هێرشێکی دیکەی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر بارەگای دیفاع وەتەنی لە تەدمور كوژرانی سێ ئەندام و برینداربوونی دوو كەسی دیكەی لێكەوتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە هاوکات بووە لەگەڵ هێرشێکی دیکە بۆ سەر بەنزینخانەی ئەلعەلەیوی لەسەر ڕێگای سەرەکی تەدمور، کە گروپی “لیوای ئەلباقر” وەک بارەگایەک بۆ ئەندامەکانی بەکاریدەهێنن، لە ئەنجامدا شەڕ و پێکدادان دروستبووەو بەهۆیەوە دوو ئەندامی ئەم گروپە كوژراون..