هەوڵ دەدرێت ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل درێژبكرێتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس پێی نایە چوارەم و کۆتا ڕۆژی خۆیەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵ لە ئارادایە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە.
چوارشەممەی ڕابردوو بە نێوەندگیری قەتەر و بە بەشداری ئەمریکا و میسر ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست کرا و ڕۆژی هەینی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو ماوەیەدا 50 بارمتەی لای حەماس ئازاد دەکرێن لە بەرامبەر ئازادکردنی 150 فەلەستینی و هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە.
بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، هەوڵدەدەن ئاگربەست درێژبکەنەوە بە ئامانجی ئازادكردنی ژمارەیەكی زیاتری دەستگیرکراوان.
دوێنێ یەکشەممە، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکەوە کە بە وتەی خۆی نزیکە لە حەماسەوە، نێوەندگرانی لە ڕێککەوتنەکە ئاگادار کردووەتەوە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی ئێستا بۆ ماوەی دوو بۆ چوار ڕۆژی دیكە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی پێشووی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەتوانرێ ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە بەو مەرجەی کە ڕۆژانە 10 بارمتەی دیکە لەلایەن حەماسەوە ئازاد بکرێن، لە بەرامبەر فەلەستینی زیاتر لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەكرێن.