میلیشیایەكی سەر بە توركیا لە گرێ سپی چەند هاووڵاتییەك دەستگیردەكات

گرێ سپی – نۆرس پرێس

دوێنێ، میلیشیای شورتەی عەسكەری دڵسۆز بۆ تورکیا، دوای گەمارۆدانی گەڕەکێكی شاری گرێ سپی لە باکووری شاری ڕەقە، چوار کەسیان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و بە ئامانجگرتنی جموجۆڵەکانی “جەیش وەتەنی دەستگیركرد.

دەستگیرکردنی هاووڵاتییان لەلایەن هەواڵگری تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە توركیا، لەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵیان دان لە زیادبووندایە و تۆمەت دەخرێتەپاڵ هاووڵاتیانی سڤیل بۆ دەستگیركردنیان لەوانە کارکردن بۆ لایەنە دژبەرەكانیان.

سەرچاوەیەكی سەربازی به نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، میلیشیای شورتەی عەسكەری بۆ ماوەی دوو کاتژمێر گه ڕەکی مەحەتەیان له گرێ سپی گەمارۆ دا، دواتر هەڵیانکوتاوەته سه ڕ سێ ماڵ بۆ دەستگیرکردنی چوار کەس له نێویاندا کچێک.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی گروپەكە لە خاوەنی ماڵەكانیان داوە و تۆمەتباریان کردوون بە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و بە ئەنجامدانی هێرشی چەکداری دژی میلیشیای “جەیش وەتەنی”.

راشیگەیاند لەنێو دەستگیرکراوەکاندا نوران ئەحمەد (تەمەن 20 ساڵ)، عەمار ئەحمەد (15 ساڵ) و سەردار کەنعان (28 ساڵ) هەن. بەڵام ناسنامەی كەسی چوارەم، ئاشكرا نەكراوە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – مۆنتاژ: سەعد یازیچی