سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق هۆشداری ده‌ده‌ن له “پشێوییه سیاسییه‌كان”
سلێمانی- نۆرس پرێس
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، ئه‌مڕۆ به‌رهه‌م ساڵح، میوانداری سه‌رۆكانی ئه‌نجومه‌نی باڵای داده‌وه‌ری و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆك وه‌زیرانی كردوه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا نوسینگه‌ی میدیایی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق بڵاویكردوه‌ته‌وه، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا “تاوتوێی دوایین پێشهاتەكانی وڵات كراوه” و باس له‌وه‌كراوه، “بەردەوامبونی دۆخی پشێوی سیاسی كاریگەری نەرێنی لەسەر هەوڵە نیشتمانییەكان، هەیە كە ئامانجیان چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتییانە.”
هاوكات “هەڵوێستێكی كارا و جدی” به پێویست زانراوه “بۆ ڕێگریكردن لە پەرەسەندنه‌كان”.
هه‌ر له‌و كۆبونەوهدا ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕو، “بەردەوامی قەیرانە سیاسییەكان كاریگەری لەسەر رۆڵی عێراق لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەیە، هەروەها رەنگە كاریگەری هەبێت لەسەر پچڕانی هاوكاری و لێكتێگەیشتن و رێككەوتنەكان كە لە بوارە جیاجیاكاندا ئەنجامدراون، بەتایبەتی ئەوانەی كاریگەری لەسەر پێداویستییەكانی ژیان و خزمەتگوزاریی هاوڵاتیان هەیە.”
ماوه‌یه‌كی زۆره سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق كۆنه‌بونه‌ته‌وه، كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆش دوای رۆژێك دێت له هه‌ڵكوتانه سه‌ر بینای ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی سه‌دره‌وه.
سه‌درییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری سكاڵایان تۆماركردوه‌و داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كه‌ن.
ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش هیچ واده‌یه‌كی بۆ چاوخشاندنه‌وه به داواكه‌دا دیارینهكردوهو له پێشتریشدا رایگه‌یاند، ئه‌و بابه‌ته تایبه‌تمه‌ندی ئه‌وان نییه.
سه‌درییه‌كان ئه‌نجومه‌نه‌كه به لایه‌نگری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ركه‌به‌رییان ده‌زانن كه سه‌رجه‌م گروپ و پارته شیعه‌كان جگه له ره‌وتی سه‌در له خۆده‌گرێت.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له 10-10-2021 كرا‌و له 7ی1ی 2022 سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێكهات، به‌ڵام دواتر به‌هۆی ململانێی نێوان سه‌درییه‌كان و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رێكاره‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت و سه‌رۆك كۆمار سه‌ركه‌وتو نه‌بو.
له ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یران سه‌درییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كشانه‌وه‌و شوێنی په‌رله‌مانتاره‌كانیان له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه پڕكرایه‌وه.
ماوه‌ی چوار هه‌فته‌شه لایه‌نگره‌كانیان بینای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیان گرتوه‌و رێ له پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ده‌گرن له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه.