سەبارەت بە پەرەسەندنی هێرشەکانى تورکیا لە رۆژئاڤا بەڕێوبەریی خۆسەریی راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنی هەینی، لە راگەێنراوێکدا بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان، هێرشەکانى تورکیای وەک ئاستەنگ لە بەردەم ئارامی و خزمەتگوزارییە ژیانییەکانی خەڵک باسکرد و گوتیان “مەترسی لەسەر ئارامی ناوچەکە دروستکردووە”.
بەڕێوبەریی خۆسەریی، سەبارەت بە پەرەسەندنی هێرشەکانى تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێ: “دەوڵەتى تورکیا هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی ئێمە و هەڕەشە لە ئارامی ناوچەکە دەکات و هەوڵەکانی ئێمە بۆ روبەڕووبوونەوەی تیرۆر پەک دەخات”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هێرشانە بۆ رێگریکردنە لە سەقامگیری و خزمەتگوزارییە ژیانیەکان لە رۆژئاوای کوردستان.
بەڕێوبەریی خۆسەریی باسی لەوەشکردووە، “بە ئامانجگرتنى هاوڵاتییانى سڤیل لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا و لە 4ی مانگی ڕابردوو لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە، هەڕەشەکردنی ئاشکرایە بۆ سەر ئارامی هەرێمەکە و پێچەوانەی هەموو پەیمانەنامە نێودەوڵەتی و پێوانە ئاکارییەکانە، کە ئەمانەش تاوانی جەنگن”.
لە درێژەى ڕاگەیەنراوەکەدا جەختیان لەوە کردوەتەوە، کە ئەو هێرشانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە دەبێت و هەوڵەکان لەناوبردنى داعش پەکدەخەن، هاوکات کاریگەری لەسەر دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانى ژیانی هاوڵاتییان دروست دەکەن و ئاستەنگ بۆ پێنج ملیۆن کەس لەو هەرێمەدا دروست دەکەن.
لە کۆتایی راگەێنراوەکەدا، بەڕێوبەریی خۆسەریی سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی بۆردوومان و هێرشەکانی تورکیا دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.