عێراق دوو کەس ده‌ستگیرده‌كات کە ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ کۆمەڵکوژی “سپایكه‌ر”

هەولێر – نۆرس پرێس

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئه‌مڕۆ هەینی، دەستگیرکردنی دوو لە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی “سپایكه‌ر”ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی نۆ ساڵ له‌ خۆ حه‌شاردان له‌ وڵاتێكی دراوسێی عێراق.

دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ نزیكه‌ی 1700 سه‌رباز و قوتابی كۆلێژی سه‌ربازی ” سپایكه‌ر”ی كۆمه‌ڵكوژ كرد، دوای داگیركردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك باکور و ڕۆژئاوای عێراق.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیەندراوێکدا به‌ ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگه‌یاند، “ له‌ ئۆپەراسیۆنێکی تایبه‌تدا و لەسەر بنەما و زانیاری ورد، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بە هەماهەنگی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، توانیمان دوو لە ئەنجامدەرانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی سپایكه‌ر دەستگیر بكه‌ین، ئه‌ویش دوای ئەوەی بۆ ماوەی (٩) ساڵ لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ خۆیان حه‌شاردابوو“.

ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی ئەندامانی داعش لە وڵات و سەرجەم ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی “سپایكه‌ر”.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازجی