“حەشدی شەعبی” لە ناو پەرلەمانی عێراقەوە هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنی پێنجشەممە، لە پرسەی ئەو هەشت چەکدارە کوژراوی سەر بە “حەشدی شەعبی”، لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق، کە لە بەئامانجگردنێکی هێزەکانی ئەمریکادا، لە باشووری بەغدا کوژران، گرووپەکانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی تۆڵکردنەوەی چەکدارەکانیان لە ئەرمریکا کرد و داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایان لە عێراق کرد.

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق، کە لە لایەن پەرلەمانتارانی سەر بە “حەشد”ەوە کرا بە پرسەخانەی کوژراوانیان، پەرلەمانتارانیان دەشڵێن “دەبێت حکومەتی عێراق جیدی بێت و پەلە بکات لە جێبەجێکردنی یاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا کە لە پەرلەمانەوە دەرچووە”.

حەسەن موئنس، کە پەرلەمانتارێکی سەر بە باڵە سیاسییەکانی “حەشد”ە، بە کەناڵی ئەلعالەمی راگەیاند: “هەموو ئەگەرەکان کراوەن، ئێمە غەززە وەک نێچیرێکی ئاسان بۆ داگیرکەری زایۆنی بەجێناهێڵین و ئەمەش ئەرکی نەتەوەیی و مرۆیی و شەرعی ئێمەیە”.

پاش سەرهەڵدانی شەڕ و گرژییەکان لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدا لە غەززە، میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی” لە ژێر ناوی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” خۆیان راگەیاند، لەو کاتەوە تا ئێستا بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر پێگە و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و لە هەوڵی فراوانکردنی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و حەماسدان بۆ عێراق.