“ئەنەکەسە” گۆڕانکارییە هەیکەلی و پۆستە نوێکانیان بۆ نۆرس پرێس دەخاتەڕوو
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا “ئەنەکەسە” گۆڕانکارییەکانی لە پێکهاتە و هەیکەلی پارتەکەیاندا ئاشکراکرد، کە لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە 13ی ئەم مانگە، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرابوون.
لە گۆڕانکارییە نوێکاندا، “نیعمەت داود” لە شوێنی “سعود ئەلمەلا” وەک سەرۆکی پارتەکە دەستنیشانکراوە، کە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد و بەدرێژایی ئەو ماوەیە پۆستەکە بە بەتاڵی مابووەوە، هەروەها “سلێمان ئووسو” وەک جێگری “نیعمەت داود” دەستنیشانکرا.
“فەیسەڵ یوسف”، کە لە کاتی ئەم گۆڕانکاریانەدا پۆستی گوتەبێژی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی بەدەستەوەیە، کە پۆستێکی نوێیە لە هەیکەلی ئەنجومەنەکەدا، لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس ڕایگەیاند، “فەسڵە یوسف” وەک بەڕێوبەری نوسینگەی ئەنجومەنەکە دەستنیشانکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنەکە دەستەی سەرۆکایەتی فراوانتر کردووە، ژمارەی ئەندامانی لە پێنجەوە بۆ هەشت ئەندام زیاد کردووە، کە پێکهاتوون لە ئەندامانی هەردوو پارتە سەربەخۆکە، نوێنەری ڕێکخراوەکان، هەروەها ئەنجومەنی ئێزیدی سووریا.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هەڵبژاردن لە چوارچێوەی ئۆرگانەکەدا شەش مانگ جارێک ئەنجام دەدرێت و بە شێوەیەکی وەرزی.
ئەندامانی نوێی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە بریتین لە: “نیعمەت داود، سلێمان ئووسو، فەسڵە یوسف، فەیسەڵ یوسف، محەمەد ئیسماعیل، سەرحان عیسا، عەبدولباری خەلەف و زەهرا ئەحمەد”.
ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا یەکێکە لە ئەندامانی پێکهێنەری هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، کە چەتری سیاسی “جەیش وەتەنی” دڵسۆزە بۆ تورکیا.
گوتەبێژی ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، گۆڕانکارییەکە لە چوارەمین کۆنفرانسدا پەسەندکراوە، کە لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا بەڕێوەچوو و لە دوایین کۆبوونەوەشدا پەسەندکراوە.
ئەنجومەنەکە “محەمەد ئیسماعیل” کە هاوکات سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریایە، وەک نوێنەری خۆی لە “بەرەی ئاشتی و ئازادی” دانا، کە هاوپەیمانییەکی ئۆپۆزسیۆنە و هەریەک لە ڕێکخراوی دیموکراتی ئاشووری، بزوتنەوەی سبەی سووری، ئەنجوومەنی عەرەبی لە جەزیرە و فورات، لەخۆدەگرێت، ئەمانەش ئەو پارتانەن کە زۆربەیان لەهاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆندا کۆدەبنەوە.