حکومەتی عێراق: هێرشەکەی ئەمەریکا بێ ئاگاداری ئێمە بووە و پێشێلکردنی سەرەوەری عێراقە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی عێراق “بە توندی” سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ سەر “چەکدارانی بریکاری ئێران” لە ناو خاکی عێراق ئەنجامیانداوە و رایگەیاند کە “ئەو هێرشانە بە بێ ئاگاداری ئەوان بوون و پێشێلکردنێکی زەقی سەروەری خاکی عێراقە”.
باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین، کە ناوچەی جورف سەخری کردووەتە ئامانج، کە بەبێ ئاگادار کردنەوەی دەزگاکانی حکومەتی عێراقی هێرشەکە ئەنجامدراوە، ئەمەش پێشێلکاریی سەروەری عێراقە، بەهەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دادەنرێت”.
گوتەبێژەکەی حکومەتی عێراق راشیگەیاند، کە “بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، پاڵپشتییە بۆ کارەکانی هێزە چەکدارەکانمان، لە رێگەی خولی راهێنان و چاکسازی و راوێژکاریەوە، بەڵام ئەوەی روویدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو ئەرکەیە کە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پێناویدا لێرە ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق”
بۆیە داوا لە هاوپەیمانی دەکەن “تاکلایەنانە مامەڵە نەکەن، دەبێت پابەند بن بە سەروەری عێراق، کە بە هیچ شێوەیەک قەبوڵی پێشێلکارییەکانی ناکات”.
بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئەمنی کە قسەیان بۆ یۆرۆ نیوز و ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، پێنج ئەندامی گرووپه چهكدارهكانی سهر به ئێران، به بۆردومانێکی ئەمریکا له باشووری بەغدا، کوژران.
فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا،”سێنتکۆم” پێشتر لە تۆری كۆمهڵایهتی ئێکس بڵاویكردهوه کە “هێرشی ورد”یان لە دوو شوێنی عێراق ئەنجامداوە، ئهویش وهك كاردانهوهیهك بۆ ئەو هێرشانەی كه گروپهكانی ئێران له دژی هێزهكانی هاوپهیمانان له عێراق و سوریا ئهنجامی دهدهن.