وردەکاریی یەکەم ئاگربەستی جەنگی حەماس و ئیسرائیل
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی ڕێکەوتن لەسەر ئاگربەستی چوار ڕۆژە بۆ ڕێگەدان بە ئازادکردنی 50 بارمتەی دەستی بزوتنەوەکە، لە بەرامبەر ئازادکردنی 150 فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل و چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتە گەمارۆدراوەکە .
لە ڕۆژانی پێشوودا بەرپرسانی قەتەر، کە ناوبژیوانی نێوان ئەو دوو لایەنەن و ئەمریکا و ئیسرائیل و حەماس پێشبینیان دەکرد ئاگربەست نزیک بێت.
لە راگەێنراوێکدا، کە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی چوار ڕۆژدا 50 ژن و منداڵ ئازاد دەکرێن، لەو ماوەیەشدا شەڕەکە دەوەستێت.
پێدەچێت حەماس زیاتر لە 200 کەسی وەک بارمتە لە لا بێت، کاتێک ئەندامەکانی لە 7ی ئۆکتۆبەر دزەیان کردە ناو ئیسرائیلەوە و هێرشێکیان دەستپێکرد (بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل) کە هەزار و 200 کەسی تێدا کوژرا، ئەو کەسانەشیان وەک بارمتە لەگەڵ خۆیاندا برد بۆ غەززە.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ هەر 10 بارمتەی دیکە کە ئازاد دەکرێن، ئاگربەستەکە بۆ ڕۆژێکی دیکە درێژدەکرێتەوە.
بزووتنەوەی حەماس باسی لەوە کردووە، کە لە ڕێککەوتنەکەدا مەرجی ئازادکردنی ئەو 50 دەستبەسەرکراوە لە بەرامبەر 150 ژن و منداڵی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا دیاری کردووە، هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە ڕێگە بە سەدان بارهەڵگری یارمەتی مرۆیی و پزیشکی و سووتەمەنیش دەدات بچنە ناو غەززەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەپێی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل پابەندە، کە لە ماوەی ئاگربەستدا هێرش نەکات و هیچ کەسێک لە سەرتاسەری غەززە دەستگیری نەکات.
هاوکات محەمەد خولەیفی، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر و سەرۆکی دانوستانکاری قەتەر لە دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە ناوخۆی غەززە کاردەکات بۆ ئاسانکاری ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان.
بەرپرسێکی “باڵا”ی ئەمریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت سێ ئەمریکی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون، لەنێو لانیکەم 50 دەستگیرکراودا بن کە لەلایەن بزووتنەوەکەوە ئازاد دەکرێن.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سێ کەسە کچێکی تەمەن سێ ساڵانیان تێدایە، کە دایک و باوکی لەنێو ئەو هەزار و 200 کەسەدا بوون، کە لە هێرشەکەی حەماسدا کوژراون.
بەرپرسان هیوادارن هەموو لایەک پابەندبن بە ئاگربەستەکەوە لە باکووری ئیسرائیل، کە پێکدادان لەنێوان حزبوڵای لوبنان و هێزەکانی ئیسرائیلدا ڕوویداوە.
لای خۆیەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە کرد و لە راگەێنراوێکدا گوتی: “ڕێککەوتنی ئەمڕۆ دەبێت بارمتەی ئەمریکیی زیاتری تێدا ئازاد بکرێت، تا هەموویان ئازاد نەکرێن لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین”.