کۆشکی سپی: ڤاگنەر خۆی ئامادە دەکات بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی حیزبوڵڵا یان ئێران

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، گرووپی “ڤاگنەر”ی ڕووسی خۆی ئامادە دەکات بۆ بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی حیزبوڵڵا یان “ڕژێمی تاران”، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوکارییەکی بەرگریی نێوان دوو ڕکابەره‌كه‌ی ئەمریکا.

هەفتەی ڕابردوو ئەفسەرێکی هێزەکانی حکومەتی سوریا بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئێرانی گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی تەدموری ناوەڕاستی سوریا، کە لەلایەن هێزەکانی “ڤاگنەر”ی ڕووسییەوە بەکاردەهێنرێت، و چەک و كه‌سایه‌تی له‌ سه‌ركرده‌ی ئێرانی تێدا بوو کە لە سوریا چالاکی دەکەن.

هەفتەیەک له‌مه‌و پێش، نۆرس پرێس زانیاری لە سەرچاوەیەکی تایبەت وەرگرت، سەبارەت بە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی سەربازی تەدمور لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە، کە لە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢١دا هێزەکانی “ڤاگنەر” وه‌ریانگرتبوو.

جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “زانیاریەکانمان هه‌یه‌ کە ڤاگنەر بە هاوكاری حکومەتی ڕووسیا خۆی ئامادە ده‌كات بۆ ئەوەی چه‌كی بەرگری ئاسمانی یان بۆ حیزبوڵڵا یان ئێران دابین بکات”.

راشیگه‌یاند: ئەمریکا چاودێری دۆخی نێوان ئێران و ڕووسیا دەکات و بەپێی پێویست ڕێوشوێنی گونجاو دەگرێتەبەر.

کیربی ئاماژەی به‌وه‌شدا کە “ئێران بڕێکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا ده‌نێرێت، ڕەنگە ئێران بیر لەوە بکاتەوە کە مووشەکی بالیستی بۆ ڕووسیا دابین بکات بۆ بەکارهێنانی لە ئۆکرانیا”.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: محه‌مه‌د قازی