ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، هەڵبژاردەی عێراق دووەم یاریی لەسەریەکی لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال بردەوە و سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەرامبەر ڤێتنام بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ لە دووەم یاریی پاڵاوتنیدا بۆ مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤێتنام یارییکرد و لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا هێرشبەر “موهەنەد عەلی” گۆڵی بردنەوەی بۆ هەڵبژاردەکە تۆمارکرد.
سەرەڕای هێرشەکانی هەردوو هەڵبژاردەکە بۆ گۆڵی بەرامبەر، نیوەی یەکەمی یاریەکە بە ئەنجامی بێ گۆڵ کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، هەردوولا هەوڵەکانیان چڕتر کردەوە، دواتر “کاساس”ی راهێنەری عێراق چەند گۆڕانکارییەکی ئەنجامدا، تا لە خولەکی 96دا “موهەنەد عەلی” ناسراو بە “میمی”، بەلێدانێکی سەر، گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد، ئەم گۆڵە بووە هۆکاری ئەوەی عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سێ خاڵی یارییەکە بباتەوە.
ئەمە دوو یارییە لە سەر یەک، عێراق لە پاڵاوتنە هاوبەشەکانی مۆندیالی 2026 و جامی ئاسیای 2027 دەیباتەوە، ئێستا خاوەنی 6 خاڵە و پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی سێیەمە، یاریی داهاتووی لە پاڵاوتنەکاندا بەرامبەر فلیپین دەبێت لە رۆژی 21ی ئادارای ساڵی 2024.