بەرامبەر بە فێرکردنی زمانی تورکی.. تورکیا هاوکاری چەند قوتابخانەیەک دەکات لە کامپەکانی گواندەواری ئیدلیب
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، پەیمانگای رۆشنبیری تورکی “یونس ئیمرە” دەستیکرد بە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ژمارەیەک قوتابخانە لە گوندەواری باکووری ئیدلب، کە لەژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشتر)دان، بەو مەرجەی خوێندکارانیان فێری زمانی تورکی بکەن، بە ئامانجی چەسپاندنی سیاسەتی بەتورک کردن لە ناوچەکەدا.
کارگێڕێک لە فەرمانگەی کاروباری رێکخراوەکانی “حکومەتی رزگاری” بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دامەزراوەی ڕۆشنبیری “یونس ئێمرە”ی تورکی پێشنیاری پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی لە شێوەی بڕە پارەی نەختینەیی بۆ کارمەندان و خەڵاتی جۆراوجۆر بۆ خوێندکاران کردووە، لە قوتابخانە ئەهلی و حکومییەکانی ناو کامپەکانی ئەتمە، بەردەگلی، کللی و دیرحەسەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەیمانگا تورکییەکە پاڵپشتی دارایی پێشکەش دەکات بەو مەرجەی زمانی تورکی بە شێوەیەکی سەرەکی فێری خوێندکارانی نێوان تەمەنی 7 بۆ 12 ساڵ بکرێت بۆ هەردوو ڕەگەز، بە قۆستنەوەی بارودۆخی ناهەمواری ژیانیان.
لە کۆتایی مانگی رابردوودا، هەمان پەیمانگا بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنجومەنی ناوخۆیی “گرێ سپی” کە لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت لە باکوری ڕەققە، ڕایگەیاند، سەبەتە خۆراکیەک بۆ هەموو خێزانێک لە شار و گوندەوارەکانی گرێ سپی دابین دەکات کە منداڵەکانیان لە ناوەندە پەسەندکراوەکان بۆ فێرکردنی کولتوور و زمانی تورکی، تۆمار کردووە.
دامەزراوەی ڕۆشنبیری “یونس ئێمرە” ئامرازی سەرەکی تورکیایە بۆ بڵاوکردنەوەی زمانەکەی لە دەرەوەی وڵات، لە مانگی ئابی ساڵی رابردووشدا لقێکی لە گوندەواری حەڵەب کردۆتەوە، لە هەڵمەتێکدا کە ئامانج لێی فێرکردنی زمانی تورکییە بۆ 300 هەزار منداڵ.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی ئەو قوتابخانانەی ئەو مەرجانەیان قبوڵ کردووە لە ناو کامپەکانی باکووری ئیدلب لە ئێستادا 23 قوتابخانەی تێپەڕاندوە، پاڵپشتی داراییان وەرگرتووە و ئەمڕۆ سێشەممە دەست بە دابەشکردنی هاوکارییە مەرجدارەکان کراون.