سزاکان دەبنە هۆی راگرتنی هەناردەکردنی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ سووریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیای زەبەلاحی کەشتیوانی دانیمارکی A.P.Moller-Maersk راگرتنی خزمەتگوزارییەکانی کەشتیوانیان بۆ سەرجەم ناوچەکانی سووریا راگەیاند، ئەمەش هۆکارەکانی پەیوەست بەو سزایانەی کە بەسەر دیمەشقدا سەپێنراون.
کۆمپانیاکە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی هەناردەی بواری کۆنتێنەر و کەشتیوانی لە جیهاندا، رایگەیاندووە، بڕیارەکەی دوای لێکۆڵینەوەی ورد و هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی بژاردە بەردەستەکان هاتووە.
لە راگەێنراوی کۆمپانیاکەدا هاتووە، سووریا وڵاتێکە کە سزای توندی بەسەردا سەپێنراوە، چالاکییە بازرگانییەکان “لە ئێستاوە زۆر سنووردارکراون”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکە کارەکانی لە سووریا سنووردار بکات و لە هەمان کاتدا بە تەواوی پابەند بێت بە سزا نێودەوڵەتییەکانەوە.
بەگوێرەی راگەینراوەکە، ئەم بابەتە لەم دواییانەدا لە روانگەی لۆجستییەوە “سەختتر” بووە، ئەمەش بووەتە هۆی بڕیاری داخستنی تەواوەتی کارەکانی.
کارەکانی کۆمپانیاکە لە 1ی کانوونی دووەمی 2023وە وەستاوە، ئەمەش مانای وایە چیتر هەناردەکردن بۆ هیچ شوێنێکی سووریا و هەوردەش لە سووریاوە ناکات و بەو هۆیەوە لەو بەرواری سەرجەم کارەکانی لەگەڵ سووریا رادەگرن.
هەروەها بەپێی بڕیارەکە کەشتییەکانی میرسک پەیوەندی بە بەندەرەکانی سووریاوە ناکەن، لە کاتێکدا دوا کەشتی کۆمپانیاکە کە پەیوەندی بە سووریاوە دەکات، لە 28ی ئەم مانگەدا دەبێت.
کۆمپانیاکە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پەیوەندیکردن بەو کڕیارانەی کە ئەو بڕیارە کاریگەریی لە سەریان دەبێت.