دابەزینی پلەکانی گەرما لە رۆژئاوای کوردستان و مەترسییەکانی لافاو لە باشووری کوردستان
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی سووریا لە بڵاویکردەوە، پلەکانی گەرما لە سووریا و رۆژئاڤا بەردەوام دەبن لە دابەزین بە نزیکەی 3 بۆ 6 پلەی سیلیزی لە خوار ئاساییەوە.
دوێنێش کەشناسی هۆشداری دا کە سووریا بە گشتی لە ژێر کاریگەری پاڵەپەستۆی نزمدایە، کە لە دوێنێوە دەستی پێکردووە تا سبەی سێشەممە.
لە باشووری کوردستانیش لە دوێنێوە شەپۆلێکی بارانبارینی زۆر ناوچەکەی گرتووەتەوە، کەشناسی ئاماژەی بەوەکردووە، شەوی سێشەممە کاریگەری شەپۆلەکە کۆتایی دێت و ئاسمان بۆ نیمچە هەور و ساماڵ دەگۆڕێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، “تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بارانی بەلێزمە و هەورە برووسکە لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوامی دەبێت. زۆرترین باران لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سەنتەری شارەکە و ناوچەکانی گەرمیان دەبێت. لە پارێزگای دهۆک ناوچەکانی ئاکرێ، شیلادزێ و ناوچەکانی دەوروبەری زۆرترین رێژەی بارینبارینی تێدا دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە”.
کەش و هەوا لە رۆژئاوای کوردستان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەور و باراناوی دەبێت لە هەندێک کاتدا، لەگەڵ بارانبارینی بەخوڕ و هەندێکجاریش رەشەبای لەگەڵدا دەبێت.
کەشناسی سووریا هۆشداریدا لە کەشوهەوای سارد و جیاوازی پلەکانی گەرما لە نێوان کاتژمێرەکانی شەو و رۆژدا، بەتایبەت ناوچە بەرزەکان و کەشێکی تۆزاوی و تەماویی لە ئەنجامی چالاکیی خێرایی با بەتایبەت لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بەدی دەکرێت.