ئەمریکا و رێكخراوه‌ نێودەوڵەتییه‌كان پێشوازی له‌ بڕیارێكی دادگای لاهای ده‌كه‌ن سەبارەت بە سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییه‌كان و رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ مافی مرۆڤ پێشوازییان لەو ڕێنماییە کرد کە دادگای لاهای دەرکردووه‌ و  داوا لە دیمەشق دەکات ڕێوشوێنی ئەشکەنجەدان نه‌گرێته‌به‌ر.

پێنجشەممەی ڕابردوو، دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای، فەرمانێکی کاتی دەرکرد و تێیدا ڕێنمایی حکومەتی سوریای کرد کە هەموو ڕێوشوێنێک لە سنووری دەسەڵاتەکانیدا بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەدان.

ئەم پێشهاتە لە ئەنجامی دۆسیەیەکی هۆڵەندا و کەنەدا دێت کە سوریا بە تێوەگلان لە هەڵمەتێکی درێژخایەن بۆ ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی تۆمەتبار دەکەن.

ئامانجی فەرمانی دادگاكه‌، پاراستنی قوربانییەکانە، چونکە دۆسیەکە سوریا تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی دژی ئەشکەنجەدان و مامەڵەکردن یان سزای دڕندە و نامرۆڤانە .

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سوریا ڕایگەیاند کە پێشوازی لە فەرمانی ڕێوشوێنە کاتیەکانی دادگای نێودەوڵەتی دەکات، و بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانێت بەرەو لێپرسینەوە لە ڕژێمی ئەسەد لە بەرامبەر ئەشکەنجەدانی هەزاران کەس لە ماوەی دوانزە ساڵی ڕابردوودا کە ڕاپۆرتکراون.

  ئەمریکا لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە سوریا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پاڵپشتی بۆ چارەسەرێکی سیاسی بەردەوام بکات کە ڕێگە بە سورییەکان بدات دادپەروەری بەدەست بهێنن.

پێشتر هیومان ڕایتس وۆچ پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگا کرد و جەختی لە توانای دادگاکە کردەوە بۆ وه‌ستانی ئەو پێشێلکارییانه‌‌ی کە هاووڵاتیانی سڤیلی سوریا لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا تووشی دەبن.

ئەم بڕیارەی دادگای نێودەوڵەتی لەدوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دژی به‌شار ئەسەد سەرۆککۆماری ئەسەد و براکەی و دوو ژەنەراڵی سوپای سوریا دێت. فەرمانی دەستگیرکردنەکان باس لە هاوبەشیکردن لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی دەکەن.

لای خۆیەوە لیژنه‌ی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا پێشوازی لەو فەرمانە کرد کە لەلایەن دادگاوە لە لاهای دەرچووە و پێی وایه‌ ئەمە فەرمانێکی مێژووییە لە دادگای باڵا لە جیهاندا بۆ وەستاندنی ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و مردن لە دەستبەسەرکردنی سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر