وه‌زاره‌تى بەرگری سوریا: چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان لە گونده‌وارى حەلەب و لازقییە خستووەتە خوارەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری حکومەتی سوريا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە گونده‌وارى حەلەب و لازقییە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا خستووەتە خوارەوە.

لە 13 ى ئەم مانگەش، هێزەکانی بەرگری سوریا لەناوبردنی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانيان لە گونده‌وارى ئیدلب، حەما و حەلەب ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەشكردبوو کە “رێکخراوە تیرۆریستییەکان”‌‌ هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر گوند و خاڵە سەربازییەکان.

وەزارەتەکە لە راگه‌يه‌ندراوێكدا کە لە ماڵپەڕی فه‌رمى خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، یەکینەکانی سوپا کە لە گونده‌وارى حەلەب و لازقییە جێگیرکراون، وەڵامی ئه‌و هه‌وڵانه‌يان داوەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر گوند و شارۆچکە ئارام و هەندێک خاڵی سەربازی و توانیویانە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بخەنە خوارەوە.

پێشتر وەزارەتەکە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ناوچەی جورین لە گونده‌وارى باکوری حەما ڕاگەیاند، كه‌ درێژییەکەی چوار مەتر و درێژی باڵەکانی شەش مەتر بووه‌ و سەد کیلۆگرام مادەی تەقەمەنی هه‌ڵگرتبوو.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ى: ئەڤین یوسف