هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا کۆبوەوە و دەنگدانی لەسەر بە ئەندامبوونی سوێد لە پەرلەمانی تورکیادا دواخست.
پاش دانیشتنەکەی پەرلەمان، فوئاد ئۆکتای لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “پەرلەمانی تورکیا سەرقاڵی پەسەندکردنی هەشت رێککەوتننامە و یاداشتنامەی زۆر گرنگ و پێویستە، لیژنەکانمان بەو هەشت دۆسیەوە سەرقاڵن و تا ئێستا سێ دۆسیەمان پەسەند کردووە”.
مەبەستی ئۆکتای ئەو پێشمەرج و رێککەوتنانەیە کە دەیانەوێت بەر لە رەزامەندی پیشاندان بۆ بەئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانی ناتۆ لە گەڵ ئەو وڵاتە لەسەری رێککەون، ئۆکتای گوتیشی: “ئەو دۆسیانەی ماونەتەوە پەیوەستن بە بوارەکانی دیپلۆماسی و هاوپەیمانێتی نوێ بۆ تورکیا”.
گوتیشی: “بە نوسراوێکی فەرمی داوا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکەین زانیاری وردمان پێ بدات لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ئەو بەڵێنانەی سوێد بە تورکیای داون، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند پابەندی مەرجەکانی تورکیا بووە، کە لە رێککەوتنی مەدرید واژۆی کردوون”.
فوئاد ئۆکتای رایگەیاند، “دەیان پرسیارمان ئامادەکردوون و ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەیان دەکەین، لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتەکە کۆدەبینەوە؛ ئەم بابەتە لەگەڵ تەواوی ئەندامانی لیژنەکەمان تاوتوێ دەکەین و هەڵسەنگاندن دەکەین و دواتر بڕیاری کۆتایی دەدەین”
ئاماژەی بەوەشکرد، “دەنگدانەکە تا تەواوبونی هەمو رێکارەکان دوادەخرێت”.
هاوینی رابردوو، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رەجەب تەیب ئەردۆغانی هاوتا تورکیەکەی ئاگادارکردوەوە، لە خواستی ئەو بۆ ئەوەی تورکیا بە زووترین کات پێشوازی لە سوێد بکات بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانی ناتۆدا، تورکیاش چەند مەرجێکی لەبەردەم سوێد داناوە، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا واژۆ کرا.
لە گرنگترین مەرجەکانی تورکیا پەیوەستە بە دۆزی کورد و داواکردنی چەند پەنابەرێکی کوردە لە سوێد، بەرادەستکردنەوەیان.
هەر هاوینی ئەمساڵ، لە وەڵامی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا بۆ رۆژنامەنووسان، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی رێگەدان بە سوێد لە لایەن تورکیاوە بۆ پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانی ناتۆوە لەسەر رۆژئاوای کوردستان، گوتەبێژەکە جەختی لە بەردەوامیی هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” کردوووە.