بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە هەولێر
هەولێر – نۆرس پرێس
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەزگای دژەتیرۆری کوردستان هێرشی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێری هەرێمی کوردستان پشتڕاستکردەوە.
دیمەنەکانی پاش تەقینەوەکە و بەرزبوونەوەی دوکەڵ لە سوتانی درۆنەکە لە ناو تۆڕە جڤاکییەکاندا بڵاوبوونەوە.
دژە تیرۆری کوردستان لە راگەێنراوێکدا لە تۆڕی جڤاکی فەیسبووک ئەوەی خستەڕوو، کە “ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر 10:25، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر، کە پێشتر فڕۆکەخانەکە وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات”.
هەروەها “مقاوهمهی ئیسلامی له عێراق”، کە پاش گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس خۆی راگەیاندووە و لە چەند هێزێکی “حەشدی شەعبی” پێکدێت و لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بهرپرسیارییهتی خۆی له هێرشهكهی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سهر فڕۆكهخانهی ههریر راگهیاند.
له راگهیهندراوەکەی “مقاوهمهی ئیسلامی له عێراق”دا هاتووە، کە وەک وەڵام بۆ هێرشهكانی ئیسرائیل لە غهززه، هێرشیان كردووەتە سهر بنكهی سهربازی ئهمهریكا له ههریر.
لە راگەێنراوەکەیاندا، دژە تیرۆری کوردستان هیچ زانیارییەکی لە سەر زیانی بۆردوومانەکە نەخستووەتەڕوو.
دوینێ پێنجشەممە، پنتاگۆن بڵاویکردبووهوه، کە لە 17ـی تشرینی یەکەمی رابردووهوه تا ئێستا، 58 هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی ئەمهریکا لە عێراق و سووریا.
سەبرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پنتاگۆن لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 27 لەو هێرشانە لە عێراق روویانداوە و 31 هێرشی دیکەشیان لە سووریا روویانداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی 7 لەو هێرشانە لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە لە سووریا روویانداوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، وا دیارە رێژەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا خاو نابێتەوە.