سوپای ئیسرائیل چەند خاڵێکی چواردەووری دیمەشق بۆردوومان دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل چەند خاڵێکی لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان کرد.
شەممەی رابردوو، سەرچاوەیەک لە هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ نۆرس پرێس ئاشکرای کرد، کە حەوت ئەندامی حیزبوڵای لوبنان و چوار ئەندامی هێزەکانی حکومەتی لوبنان کوژراون، ئەوەش بەهۆی بۆردومانێکی ئیسرائیلەوە بۆ سەر خاڵە سەربازییەکانی سەر بە هێزەکانی سووریا و حیزبوڵای لوبنان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی شاری حومس لە ناوەندی سووریا.
سەرچاوەیەکی سەربازی سووریا بە کەناڵی فەرمی سوریای راگەیاندووە: “نزیکەی کاتژمێر 2:25 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوژمنی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە ئاراستەی جۆلانی سووریاوە ئەنجامدا”.
ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: “ئیسرائیل کۆمەڵێک خاڵی لە دەوروبەری دیمەشق کردووەتە ئامانج”.
روونیشی کردەوە کە “بەرگرییە ئاسمانییەکانی سووریا وەڵامی مووشەکەکانی ئیسرائیلیان دایەوە و زۆربەیان خستە خوارەوە”.
سەرچاوە سەربازییەکە رایگەیاندووە کە “ئەو دەستدرێژییە” زیانی ماڵی لێکەوتووەتەوە.