لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرش کرایە سەر بارەگاکانی “هەسەدە” له دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی چوارشەممە/پێنجشەممە، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات له دێرەزوور ئاشکرایان کرد، چەکدارانی نەناسراو بە چەکی ئۆتۆماتیکی خاڵێکی پشکنین و بارەگای ئەلسەبعییان لە شارۆچکەی ئه لسور له باکووری دێرزوور کرده ئامانج و پێکدادانێکی پچڕپچڕ له نێوان هەردوولادا روویدا.

سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشبەرەکان دوای تەواوبوونی فیشەکەکانیان کشاونەتەوە، هیچ زیانێکی گیانی یان بریندار لەنێو ئەندامانی بارەگاکەدا تۆمارنەکراوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لەو ناوچانەدا بە بەردەوامی، لەلایەن شانەکانی داعش و گروپە چەکدارەکانەوە روبەڕووی ئەو جۆرە هێرشانە دەبنەوە، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێن لە لایەن “رژێمەکانی سووریا و ئێران”ەوە پشتیوانی دەکرێن.

بەپێی هەمان سەرچاوە، لە شارۆچکەی جەرزی، چەکدارێکی نەناسراو بە چەکی ئۆتۆماتیکی هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکی سەربازی هێزەکانی “هەسەدە” لەسەر رێگای سەرەکی شارۆچکەکە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، چەکدارە نەناسراوەکان بە ئاڕ پی جی خاڵێکی سەربازیی “هەسەدە”یان لە نزیک رووباری فورات لە شارۆچکەی شحێل کردە ئامانج، بەڵام سەرجەم هێرشەکان زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.

ئامادەکردنی: ماهیر مستەفا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان